٢١ حوزەیران ٢٠٢٠ - ١١:٤٣
تورکیا ئەمڕۆ پەکەکە و سبەی پارتی و یەکێتی دەکاتە ئامانج

نوێنەری ئامەد لە پەرلەمانی تورکیا بە ڕەخنە لە ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە، پارتی دیمۆکرات و یەکێتیی وەکوو ئامانجەکانی دواتری تورکیا لە هەرێمی کوردستان وەسف کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - ئیمام تاشچیعر، نوێنەری ئامەد لە پەرلەمانی تورکیا لە هەدەپە لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان وتی: تا کاتێک کە کوردەکان پێکەوە یەک نەگرن ڕزگاری زۆر ئەستەم دەبێت. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغیک کە کوردەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوونەتە ئەکتەرێکی گرینگ و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی لەبەرچاوگرتنی کورد لە هاوکێشەکان. ئەمڕۆکە لە هەرێمی کوردستان، کورد بوونی خۆی سەلماندووە و ئێمە ئەبێ ئەو دەستکەوتە وەکوو چاوانمان بپاریزین.

ناوبراو زیادی کرد: بەڵام ئەوا ئەبێ ئەوانیش ئەوە بزانن کەسانێک کە ئەمرۆکە بە بیانووی پەکەکە هێرش دەکەنە سەر ئەوێ، سبەی پارتی و یەکێتیش دەکەنە ئامانج. چونکوو لەبەر چاوی کەسانێک کە دوژمنی کوردن، هەموو کوردەکان یەکسانن، بۆ ئەوان کوردەکان هیچ جیاوازیەکیان نییە.

342/